Saturday 5 November 2016

"فەرمانی گرتن بۆ 18 وەزیر و 137 بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە"

ستۆپ - وشه‌

سەرۆكی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق چەندان فایلی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی ئاشكرا دەكات كە بەهاكەی 100 ملیار دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت و رای دەگەیەنێت، فەرمانی گرتن بۆ 18 وەزیر و 137 بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە، ئەوەش شۆِرشێكە لە دژی گەندەڵی و گەندەڵكاران.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی دیودەری دنیا عێراق لە كۆتای لیستی وڵاتانی دیودەر دێت، واتە لە ریزی وڵاتە گەندەڵترینەكانی دنیا پۆلێن كراوە، ئەو بەدەست نەبوونی سیستمێكی تۆكمەی فەرمانڕەوایی دەناڵێنێت كە لەسەر بنەمایەكی پشكپشكێنەی تایفی و حزبی و پارێزراوی گەورە بەرپرسان لەلایەن حزبەكانیانەوە بنیات نراوە، كە ئەوەش سەرچاوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕییە لە عێراق.

زەوبەعی ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد كە فەرمانی گرتن بۆ 18 وەزیر و 137 بەڕێوەبەری گشتی و حەوت بریكاری وەزیر دەرچووە لە پرۆسەیەك وەك شۆڕشێكە لە دژی گەندەڵی و وەك هەڵوێستێكی بوێری دادگەی عێراقی.

زیاتر گوتی، گومان بە بوونی چەندان فایلی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە هەیە و بڕی ئەو پارەش كە گومانی گەندەڵی تیاكردنی دەكرێت دەگاتە 100 ملیار دۆلار.

زەوبەعی روونی كردەوە كە لیژنەیەكی هاوبەش لە دیوانی چاودێری دارایی و دادوەری و لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانە پێك هێنراوە كە بەهاكەی بە 100 ملیار دینار مەزندە دەكرێت. 

ئاماژەی كرد، ئێستە دیاردەی گەندەڵی بۆ قۆناغی ئێستە لەلایەن لیژنەكەیانەوە كۆنترۆڵ كراوە و سەرقاڵی هەڵدانەوەی فایلەكانی پێشووشین بۆ پاراستنی سامانی گشتی و نەهێشتنی سەرچاوەكانی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی وڵاتدا.

لەلایەكی تر زەوبەعی ئاشكرای كرد كە لیژنەكە دەستی كردووە بە لێوردبوونەوە لە پرۆسەی فرۆشتنی موڵك و زەویوزاری حكوومەتی لەسەر بنەمای بڕیارەكەی حكوومەت بە رەزامەندی لەسەر فرۆشتن و بەناوكردنی موڵكەكانی حكوومەت بۆ هاووڵاتییانەوە.

پێنجشەمی رابردوو زەوبەعی رای گەیاند كە لیژنەكەیان مێوانداری هەریەك لە جێگری سەرۆكی دەستەی نەزاهە و پكشنەری گشتی لە وەزارەتی داد و بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرەی كردووە و فایلە گوماناوییەكانی گەندەڵی لەگەڵ تاوتوێ كردوون.

No comments:

Post a Comment