Tuesday 9 August 2016

راپۆرتێکی شیکاری"دەبێت بەرژەوەندی میللەت یاخود حیزبەکان یەکێکیان بکرێتە قوربانی"




ستۆپ
رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لە نوێترین شیکاریدا لەپەراوێزی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاستی گەندەڵی لە وڵاتان، ڕایدەگەیەنێت دۆخی کوردستان لە دوو ڕیارنە و پێویستە یان بەرژەوەندی حیزب یان بەرژەوەندی خەڵک سەربخرێت، ئەو رێکخراوە ڕاشیدەگەیەنێت فەرمانبەران سەرچاوەی گەندەڵی نین تاکو چاکسازی لە موچەی ئەوان دەستپێبکات، ھاوکات لەڕاپۆرتەکە وردەکاری چەندین راسپاردە و سەرنجی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەبارەی چاکسازی خراوەتەڕوو.

دەقی شیکاریەکە:

شیکاری( رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی) لەبارەی نوێترین ڕاپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، راپۆرتێك له‌ ژێر ناونیشانی "کوردستان لەدوو ڕیانی پاراستنی بەرژەوەندی حیزب یان بەرژەوەندی خەڵک" بڵاوده‌كاته‌وه‌.

لە بەرواری ٢٧/١/٢٠١٦ رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ ی تایبەت بە رێزبەندی وڵاتان لە بواری شەفایەت خستەڕوو، ریکخراوی شەفافیەتی نیودەوڵەتی ساڵانە بە ھۆی ھەندێ پیوەر (لەوانە ریژەی سەدی)لیستی زۆرینەی ووڵاتەکان بلاودەکاتەوە لە ئاستی بەر بڵاوی گەندەڵی، ڕاپۆرتی سالی ٢٠١٣ گەیشتۆتە ١٧٧ وڵات، ھۆگیت لاپیلی سەرۆکی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەلێ گەندەڵی بە شیوەی جیاجیا ڕووی لەھەمو جیھان کردوە خراپترینیان سۆمال وئەفغانستان وکۆریا بوەکە ٨%یان ھینا بوو ، چاکترینیشیان وولاتی ئەسکندنافیا لە پیش جیھانن بۆ پاکی ٩١%یان ھینابوو ،لەسالی ٢٠١٤ دووبارە بوویەوە بەھەمان ئەنجام ئەوجارەیان نیوزلەنداش ھاتە ریزی پیشەوەو سەنگافوراش لە ئاسیا یەکەم بوو، لەساڵی نوێ دووبارە وڵاتانی ئیسکەندەنافی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندەکان، کە یەکەمیان دانیماک بە بەدەستھێنانی ٩١ پلە بە دواشی فنلەندا بە ٩٠ پلە و سوید بە ٨٩ پلە، ھاوکات لە کۆتایی ریزبەندەکەش ھەریەک لە (ئەفغانستان و کۆریای باکور و سۆماڵ) دێن. عێراق بە یە ١٦ پلە لە ریزبەندی ١٦١ دایە لەریزبەندی ١٠ خراپترین وڵاتەکانی کە زۆرترین گەندەڵیان تێدایە.

وردەکاری ریزبەندەکە:
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی کە دامەزراوەیەکی تایبەت بە قەڵاچۆی گەندەڵیە لەسەر ئاستی جیھان، لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەڵمانیا وەک لایەنێکی قازانج نەویست دامەزراوە، ساڵانانە راپۆرتی تایبەت بە ھەنگاوەکانی وڵاتان بەمەبەستی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەچوارچێوەی ریزبەنیدەک دەخاتەڕوو، کە خۆی لە (٠-١٠٠) خاڵ دەبینێتەوە، بە مانای ئەوەی ئەو وڵاتەی (٠) خاڵ بەدەست دەھێنێت زۆرترین گەندەڵی تێدایە، ئەو وڵاتەشی کە (١٠٠) خاڵ بەدەست دەھێنێت کەمترین گەندەڵی ھەست پێکراوی تێدا ئەنجام دراوە، ئەو دامەزراوەیەک لە ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی پشت بە ١٢ دامەزراوەی جیھانی دەبەستێت لەنێویاندا بانکی نێودەوڵەتی و مونتەدانی ئابوری جیھانی و بەنکی گەشەپێدانی ئەفریقیا، بۆ ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندیەکە تۆمارکراون (١٦٨) وڵاتە.

پێوەرەکان بۆ ھەڵسەنگاندنی وڵاتان:
تایبەتمەندی ئەو وڵاتانەی کە لە پلەکانی پێشەوەی ئەو ریزبەندیەن بریتین لەمانە:

١- ئازادی رۆژنامەوانی
٢- توانای گەیشتن بە زانیاری تایبەت بە وردەکانی بودجەی وڵات وخەرجیەکان.
٣- بەرپرسانی وڵات بە شێوەیەکی ڕوون و دوور لە گەندەڵی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
٤- سەربەخۆیی دادگاکان و ئەو دامەزراوانەی تایبەتن بە لێپرسینەوە.
ھاوکات ئەو وڵاتانەی کە لە پلەکانی دواوەی ڕیزبەندیەکەن لە تایبەتمەندیەکانیان:
١- بونی شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆیی.
٢- نەبونی حکومڕانی باش و بەرپرسیار.
٣- لاوازی دامەزراوە گشتیەکان وەک دادگا و پۆلیس و دامەزراوەکانی تری لێپرسینەوە.
٤- نەبون یاخود لاوازی میدیای ئازاد.

چۆن وڵاتان دەتوانن پرۆسەی دژایەتی گەندەڵی بەھێزبکەن:
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی چەند خاڵێکی خستۆتە ڕوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە ھەوڵی بەھێزکردنی پرۆسەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵێن، کەبەشێکی ئەمانەی خوارەوەن:
١- ھەبونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی تایبەت بەڕووبەِڕووبونەوەی گەندەڵی، ئەویش لەرێگای فەراھەم کردنی شەفافیەت و بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازاد و، ھەروەھا بەھێزکردن و سەربەخۆ کردنی دامەزراوەکانی تایبەت بە قەڵاچۆی گەندەڵی، ھەروەھا کارکردن بە رێکەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ قەڵاچۆی گەندەڵی.
٢- جێبەجێ کردنی یاسای گەیشتن و گەیاندنی زانیاری، پاراستنی ئەوانەی زانیاری دەگەیەنن، ھەروەھا ڕوونی زیاتر لە سامانی وڵات و گەڕاندنەوی موڵکی گشتی کە داگیرکراون،
٣- چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری و گەرەنتی و بەھێزکردنی سەربەخۆییان رێگری بە سزا
٤- رێگری لە زاڵ بونی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بەسەر دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دامەزراوەکانی چاودێری، بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە بەرپرسان.
٥- سزادانی ئەوانەی کە تێوەگلاون لە گەندەڵی لە ھەر پۆست و پلەیەک بن.

ھەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری ڕاپۆرتەکە:
دیارە وەک ڕوونە ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەوەی وڵاتێکی سەربەخۆ نیە بەھیچ شێوەیەک بەراستەوخۆیی ئاماژە بە پێگەی ھەرێم نەکراوە، بەڵکو وەک بەشێک لە عێراق حیسابی بۆکراوە، وەک ڕوونیشتە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رێزبەندیەکەی بەشێوەیەکە کەس ئیرەیی پێنابات، ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرانەی کە رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دیاریکردوە بۆ وڵاتێکی شەفاف و پاک لە ڕووی گەندەڵی ئەوە ئەو ڕاستیە ڕوون دەبێتەوە ھەرێمی کوردستان ئەگەر وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرابوایە، دۆخی نزیک دەبوو لەوەی عێراق، ئەویش بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکار کە دەکرێـ ئاماژەی پێبکەین لەو چەند خاڵە:
١- زاڵبونی دەسەڵاتی حیزب بەسەر دامودەزگا دەوڵەتیەکان و، لاوازی حکومەت و پەککەوتنی پەرلەمان و، لاوازی دامودەزگاکانی لێپرسینەوە و چاودێری.
٢- لاوازی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و داواکاری گشتی.
٣- پەسەند نەکردنی بودجەی ساڵانە، کە ئەگەر ٢٠١٦ پەسەند نەکرێ لەپەرلەمان دەبێـتە سێیەم ساڵ لەدوای یەک.
٤- نەبونی سوپای یەکگرتو ھەروەھا لایەنداری دام ودەزگا ئەمنیەکانی تر.
٥- نەبونی دڵنیایی لەو ژمارانەی کە وەک داھات دەخرێنە ڕوو ئەویش بەھۆی ئەوەی وردبینیان تێدانەکراوە کە گەرەنتی شەفافیەت دەکات، ئەوەش دەرەنجامی ئەوەیە یاسای بەدەستھێنانی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە
٦- رێگری کردن و کۆسپ دروست کردن لەبەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان لەکارکردن لە پرسەکانی گەندەڵی.
٧- لاوازکردنی دام ودەزگا چاودیریەکان .
٨- دروست بوونی سیستەمیکی چینایەتی (بێ ئەوەی بە قۆناغی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ڕەت ببێ ، چینایەتیەکەش کۆمەلگەی وادابەش کردوە کە ھاوولاتی پلەیەک ودوو وسێ و ..بە جۆریک بێماف ترینیان ھاوولاتیە ، لەدوای ئەو چینی حزبی ڕەمەکی دێت ، ئینجا چینی بەرپرسان وتەبەقە کۆمەڵایەتی وئیداریەکان ، لەدوای ئەوان چینی سەرووی یاسان ، چینیکی تر دوا چیننی کەمایەتین ئەوانە بە پیرۆز وبەدەر لەرەخنە، لە شیوەی خانەوادەی ئیمپراتۆریەتی کۆن .
٩- دەست وبازووی بە ھێزی گەندەلکاران زۆر زاڵە بەبەراورد لەگەل چاکسازی خوازان.
١٠- کوردستان بەراورد لەگەل عیراقیش ناکرێ، لە عیراق ھیشتا رۆلی چاودێری و دەستەی نەزاھەو گرنگە کەچی لەکوردستان نەک ئەوە بەلکو خودی چاکسازیش بەرجەستەیەکی تری گەندەلی دەبیت .
١١- لە کوردستان بەتەواوی مانا چاکسازی راستەقینە توومەتبارە ..سزا بۆی ئامادەیە .

ئایندەی کوردستان لە دوو ڕیاندا (سەرخستنی بەرژەوەندی خەڵک یان حیزب)
ئەو دۆخە سەختەی کە لەئێستادا کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت کوردستانی خستۆتە بەردەم دوو ڕیانێک ئەویش بریتیە لەوەی حیزبە باڵادەستەکان بەرژەوەندی خۆیان بەقوربانی ئایندەی کوردستان بکەن یاخود ئەوەتا بەرژەوەندی خەڵک و ئایندەی کوردستان بکەنە قوربانی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان. بەوھەموو ئەو ھەوڵانەی بۆ چاکسازی دەدرێن تاکو ئێستا لاوازن، ئەویش بەھۆی ئەوەی ھەوڵدراوە بەرژەوەندی ودەسەڵاتی ڕەھای حیزبەکانی تێدا بپارێزرێت بەسەر دامودەزگاکان-سیستەمیکی (پارتۆکراسی لێدروست بوە )، بەوەش وەک دەگوترێت دەسەڵاتی ڕەھا بەڕەھایی گەندەڵە، زۆرینەی گرفتەکان لەوە سەرچاوەی گرتووە کە حیزبەکان لەمپەر بوونە لەوەی پەرلەمان ببێتە بەرزترین دەسەڵات و حکومەت بەھێزبێت و سوپا یەکگرتوو بێت و دامودەزگاکانی تایبەت بە لێپرسینەوە بەھێزبن و داھات و خەرجیەکان ڕووبێت، بۆیە دەروازەی چارەسەری کێشەکان لەوە دەستپێدەکات دەستی حیزب کورت بکرێتەوە بەسەر دامودەزگا دەوڵەتیەکان، نەوەک وەک ئێستا کە ھەوڵدەدرێت چاکسازی لە سەر پشتی فەرمانبەران جێبەجێ بکرێت، لەکاتێکدا ئەوان ھیچ بەرپرسیاریەتیەکیان نیە لەو ھەموو گەندەڵیەی کە دۆخەکەی بەئێستا گەیاندووە، بۆیە دەستپێکردنی چاکسازی لە موچەی فەرمانبەران ھیچ سودێکی نیە بۆ پرۆسەی راستەقینەی چاکسازی، ئەوەی کە لەڕاپۆرتەکە دەکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان سود بەخش بێت ئەزمونی وڵاتی کوێتە کە توانیویەتی ئەمساڵ پێنج پلە لە ئاستی شەفافیەت و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بچێتە پێش، ئەویش بەوەی ساڵی پار توانیبوی (٤٤) خاڵ بەدەست بھێنێت بەڵام ئەوساڵ بەرزبویەوە بۆ (٤٩) خاڵ، گرنگترین ئەو ھەنگاوانی ئەو وڵاتە گرتیە بەر بریتە لەوانەی خوارەوە:

١- دامەزراندنی کۆمسیۆنی گشتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی: لە مانگی ٣ی ٢٠١٥ بڕیاری دروستکردنی ئەو کۆمسیۆنە درا، لەماوەی یەک ساڵدا توانی کەیستی (٤٣) بەرپرسی باڵا ڕەوانەی دادگا بکات بۆ لێکۆڵینەوە، ئەویش بەھۆی سەرپێچی لەکارەکانیان، ھەروەھا کردنەوەی بەشێکی تایبەت بە گەیاندنی ھەواڵ لەلایەن ھاوڵاتیان لەبارەی گەندەڵی، ھەر لەماوەی ساڵێکدا ئەو کۆمسیۆنە چەندین کەیسی تایبەت بەپێشێلکاری لە بواری کشتوکاڵی ڕەوانەی داواکاری گشتی کردوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و، سزادانی گەندەڵکاران، لەبارەی کوردستان ئەگەرچی ھاوشێوەی کوێت، دەستەی دەسپاکی بونی ھەیە، بەڵام تاکو ئێستا دەسەڵاتی ئەو دەستەیە لاوازە و، ئیرادەیەکی گەورە لەپشتی نیە بۆ بەھێزکردنی کارەکانی، بۆیە دەکرێت بەھێزکردنی رۆڵی دەستەی دەسپاکی فاکتەرێکی گرنگ بێت لەڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.

٢- داواکاری گشتی: لەماوەی ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتە داواکاری گشتی چەندین کەیسی بۆ ئەو کەسانە کردۆتەوە کە گومانی گەندەڵی و بەھەدەردانی ماڵی گشتیان لەسەربووە، دیارترینیان مەلەفی بەرێوەبەری گشتی دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەتۆمەتی دزی کردن لە پارەی دامەزراوەکە، کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، ھەروەھا دەستگیرا بەسەر سەرجەم پارەکانی لەناوخۆی وڵات و دەرەوە.

لەھەرێمی کوردستان داوکاری گشتی رۆڵێکی زۆر لاوازی ھەیە لەپاراستنی مافی گشتی، ئەویش بەھۆی ئەوەی تاکو ئێستا بەشێکە لە وەزارەتی داد، ئەمەش رێگرە لە بەردەم رۆڵی راستەقینەی داواکاری گشتی لە مافی خەڵک، بەتایبەت کە لەکوردستان چەندین حاڵەتی گەندەڵی گەورە ھەیە و، پێویستی بە بەدواداچون و داکۆکی داواکاری گشتی ھەیە.

٣- بەھێزکردنی یاساکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی: لەماوەی ساڵی ڕابردوو ھەمواری یاسای رێگری کردن لەداگیرکردنی مولکی دەوڵەت بەھەموو شێوەکانیەوە، لەکوردستان بەچەندین شێوە موڵکی گشتی قۆرخکراوە، بەتایبەت لەرێگای یاسای وەبەرھێنان و کۆمەڵێک ھەنگاوی تر کە بۆتە ھۆی ئەوەی دەستدرێژیەکی زۆر بکرێتە سەر موڵکی گشتی.

ئەو ھەنگاوانەی وڵاتی کوێت ھاوکات چەند ھەنگاوێکی تریش لەناوخۆی کوردستان کە تایبەتە بە بارودۆخی ھەرێم پێویستە بۆ ئەوەی گەندەڵی کەمبکرێتەوە و، بەوەش خزمەت بە رێکخستنەوەی داھاتی ھەرێم و پاراستنی موڵکی گشتی دەکات، بەتایبەت ئەو ھەنگاوانەی کە ئاماژەی پێدەکەین:

١- دانانی ستراتیژیەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، بە بەشداری لایەنە جیاجیاکانی حکومەت و پەرلەمان و زانکۆکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دامودەزگاکانی تایبەت بە لێپرسینەوە، ھەروەھا بونی ئیرادەیەکی بەھێز بۆجێبەجێ کردنی.

٢- جێبەجێ کردنی یاسا بە یەکسانی بەسەرھەمواندا، کەس بەھۆی پێگە و پلەکەی نەبورێت لەوەی یاسای بەسەردا جێبەجێ بکرێت.

٣- کاراکردنی پەرلەمان بەشێوەیەک بتوانێت رۆڵی راستەقینەی بگێرێت وەک بەرزترین دەسەڵات.

٤- چەسپاندنی بنەماکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەھەموو ئاستەکان، مانەوەی بەرپرسەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لەپۆستێکدا دەرفەت بۆ گەندەڵی دەڕەخسێنێت، لەکوردستان لەھەموو ئاستەکان ئەو کێشەیە بەرچاودەکەوێت.

٥- دەکرێت سود لەو خاڵانەی سەرەوە وەربگیرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی کە رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی خستۆتیە بەردەم وڵاتانە بۆ ئەو مەبەستە.

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژەگەندەڵی - ھەولێر
stop_organization@hotmail.com
٣١/١/٢٠١٦

No comments:

Post a Comment