Tuesday 18 April 2017

رێکخراوی ستۆپ: گەندەڵی و قۆرخکاری لە سیستەمی تەندروستی کارەساتی دروست کردووە


راگەیەنراوی رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لەبارەی قەیرانەکانی سیستەمی تەندروستی

بەداخەوە جارێکی تر شایەتی ڕوودانی کارەساتێکی تربوین لە درێژەی ئەو کارەساتە بەردەوامانەی کە لە سیستەمی تەندروستی ھەرێم ڕوودەدەن، ئەویش برینەوەی دەستی سەنا لە شاری دھۆک. ئێمە پێمان وایە کاتی ئەوە ھاتووە بەجدی سنورێک بۆ  ئەو کارەساتە بەردەوامانە دابنرێت، کە بەشێکی پەیوەندی بە تێوەگلانی بەشێک لەبەرپرس و کۆمپانیاکان لە گەندەلی ھەیە، بەتایبەت لە پرسی ھێنانی دەرمان کە تاکو ئێستا وەک پێویست کۆنترۆڵ نەکراوە، ھەروەھا نەبونی دادگایەکی تایبەتمەند بە کەرتی تەندروستی، کە لە کێشە و کارەساتەکانی ئەو کەرتە بکۆلێتەوە، زۆرینەی ئەو داوا یاساییانەشی کە تۆمارکراون لەسەر ھەڵەی پزیشکی و خراپی دەرمان و کۆمپانیاکان زۆر بەخاوی بەرێوەدەچێت، ئەوەش مەترسی ھەبونی پاڵپشتی بۆ ئەو جۆرە کەس و کۆمپانیایە دەخاتە ڕوو.

بۆیە بۆچارەسەری ئەو کێشانەی کەرتی تەندروستی لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان پێویستی بەریفۆرمێکی سەرتاسەری ھەیە، ھاوکات کۆنترۆڵکردنی ھێنانی دەرمان، چونکە بەداخەوە زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە لە کوالیتی کۆنترۆلی دەرمان کاردەکەن لە کۆمپانیاکانی دەرمانیش کاردەکەن کە ئەوە مەترسیەکی یەکجار گەورەیە، ئەوە جگە لەتێوەگلانی بەرپرسانی باڵا لەکەیسی بازرگانی و ھێنان و فرۆشتنی دەرمان. 

دواجار ئێمە دوبارە ھاوخەمی خۆمان بۆ سەنا و سەرجەم قوربانیانی تری کەرتی تەندروستی دەردەبرین و، ھیوادارین ئەوە دواین کارەسات بێت و بەرپرسانی ئەو کەرتە بەخۆ بێنەوە.
رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی
١٨ / ٤ / ٢٠١٧

No comments:

Post a Comment