Wednesday 12 October 2016

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لە ساڵیادی داخستنی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

  


ئەمرۆ ١٢ی ئۆکتۆبەر ساڵێک بەسەر پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕدەبێت و، تاکو ئێستاش ھیچ ئاسۆیەکی چارەسەری بەدی ناکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان ئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت.
بە پێی ئەو بەدواداچونانەی ئێمە لەچوارچێوەی کارەکانی خۆمان لەڕێکخراو لەگەڵ دەستەی دەسپاکی و دامەزراوەکانی تر کردوومانە پەکخستنی پەرلەمان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کار و چالاکی دامەزراوەکانی تری چاودێری و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی کردووە لەنێویاندا دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێشتریش بەھۆی ڕێگریە سیاسیەکان ئەو دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی نەیانتوانیوە وەک پێوییست کار لەسەر ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی بکەن.

ھاوکات بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمان چاودێری حکومەت و دام و دەزگاکانیەتی لەکارخستنی پەرلەمان بۆتە ھۆی بەرزبونەوەی ئاستی گەندەڵی و سەرپێچیەکان نەمانی ترس لە سزا و، لێپرسینەوە زیاتر لەجاران. ئەوەش لەڕاپۆرتە وەرزیەکانی پرۆژەی بەھێزکردنی لێپرسینەوە و دەسەڵاتی یاسای ڕێکخراوەکەمان ئاماژەی بۆ کراوە.

دواجار داوا لە پەرلەمان بە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان و لایەنە سیاسیەکان دەکەین ھەوڵی جدی بدەن بە مەبەستی کاراکردنی پەرلەمان بەمەبەستی ھەنگاونان بۆ چاودێری ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لە لایەن حکومەت دراون ھاوکات ھەستێت بە ھەمواری کۆمەڵێک یاسا کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. بەپێچەوانەوە ئاماژەکان دەریدەخەن دۆخی بەڕێوەبردن و دارایی ھەرێم بەرەو خراپی زیاتر ھەنگاو دەنێت.

١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی
ھەولێر- ھەرێمی کوردستان

No comments:

Post a Comment