Tuesday 9 August 2016

هەولێر.. کۆنفڕانسی پڕۆژەی بەھێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، ئەحمەد دزەیی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگهێشتی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بۆ ئەوەی راپۆرتی شەش مانگی رابردوو بخەینەڕوو".

ستۆپ - ئه‌نادۆڵ

رێکخراوی ستۆپ و سندوقی نیشتمانیی بۆ دیموکراتی ئەمریکی لە کۆنفڕانسێکدا پڕۆژەیەکی هاوبەشییان خستەڕوو لە ژێر ناونیشانی "پڕۆژەی بەھێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا" کە ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەرانی داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکی ئامادەی بوون.

لە پێشەکی پڕۆژەکەدا هاتووە: "لەماوەی سێ مانگی رابردوودا لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن و پڕۆژانەی بۆ چاکسازی دراون چەند هەنگاوێکی باشیان بڕیووە کە زیاتر خۆیان لە دەستگیرکردن و لابردنی هەندێک بەڕێوەبەری کارگێڕی دەبینێتەوە ئەوەیش تەنها لە سنوورێکی دیاریکراودا، واتا هەنگاوەکان گشتگیرنین، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هەر مایەی خۆشحاڵییە کە لێپرسینەوە هەیە".

لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان، ئەکرەم جەمۆ تیشکی خستە سەر گرنگی پرۆژەکەی و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ وڵاتێکی وەکو ئێمە کە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، هەرچەندە لەم کۆنفڕانسەدا قسەی زۆر لەسەر گەندەڵی کرا بەڵام ماوەیەکە حکوومەتی هەرێم بە جددی رووبەڕووی ئەو قەیرانە دەبێتەوە و پێویستیشە دامودەزگاکانی چاودێری و پەیوەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر هێڵ بن بۆ بنەبڕکردنی کێشەی گەندەڵی".

لەو کۆنفڕانسەدا خەڵات بەخشرایە ئەو دەزگایانەی کە لەماوەی رابردوودا زانیاری و بەدواداچوونییان بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە و دواتریش سەرۆکی دەستەی دەستپاکی. دکتۆر ئەحمەد دزەیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆنفڕانسەکە و گوتی: "ئەو کۆنفرانسانە خزمەت بە پڕۆسەی دەستپاکی دەکەن و ئەو دەزگایەش کاری باش دەکات و دوێنێش راپۆرتمان بەدەست گەیشت و کاری لەسەر دەکەین لە هەمانکاتدا چاودێری ئێوەی میدیا بۆ ئێمە ئێجگار گرنگە و رەخنەکانتان وا دەکات کە بەخۆماندا بچینەوە".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتیشی: "بەشێکی زۆری ئەو دۆسیانەی لەلای ئێمە هەیە ناوی خەڵکی تێدایە و ناکرێت ئێستا هیچ دۆسیەیەک ئاشکرا بکەین، چونکە رەنگە ئەو کەسە لە دادگا بێتاوان دەربچێت، چونکە لەئەگەری بێتاوانبوونی، مافی ئەوەی هەیە سکاڵا بکات و داوای قەرەبوو بکاتەوە".

ئەحمەد دزەیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاشکرای کرد کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بانگهێشتی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن دەکرێت بۆ راگەیاندنی راپۆرتی شەش مانگی رابردووی دەستەی دەستپاکی و گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگهێشتی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بۆ ئەوەی راپۆرتی شەش مانگی رابردوو بخەینەڕوو، لە راپۆرتەکەدا ناوی دەزگا و شوێنەکان هاتووە، بەڵام ناوی هیچ کەسێک نەهاتووە".

بەشێک لە کاری پڕۆژەکە ئەوەیە کە دوای ئامادەکردنی هەر راپۆرتێک و بەر لەوەی لە پرێس کۆنفرانسێک رابگەیەنرێت ئەوا بە شێوەیەکی فەرمیی کۆپیەک لە راپۆرتەکە ئاراستەی هەریەک لە فەرمانگەی داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی دەکرێت بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.

لەماوەی رابردوو پڕۆژەی چاکسازی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان،مسعود بارزانی راگەیانرا و بەو هۆیەوەشەوە سێ لێژنە درووستکرا کە بریتین لە لێژنەی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر فوئاد حوسێن و بە مەبەستی چاکسازی لە هەیکەلیەت و میلاک و یەکخستنەوەی دامودەزگاکانی پێشمەرگە. لێژنەی دووەمیش بریتی بوو لە لێژنەی زەوی و زار، بە سەرۆکایەتی ئازاد مەلافەندی و ئەندامییەتی 7 کەس لە داواکارانی گشتیی. لێژنەی سێیەم بریتی بوو لە لێژنەی تەندرووستی کە لە ژمارەیەک ئەندامی تایبەت لە بواری تەندرووستی و نوێنەری داواکاری گشتیی و دیوانی چاودیری دارایی پێکهاتووە.


No comments:

Post a Comment