Tuesday 9 August 2016

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لەبارەی گەندەڵی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە


ستۆپ

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بەھاوکاری رێکخراوی NEDی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی گەندەڵی بڵاوکردەوە.

لەپرێس کۆنفرانسەکە کە بە ئامادەبونی پەرلەمانتاران و نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی و چالاکان و مامۆستایانی زانکۆ چەندین گوتار پێشکەشکرا.

لەلای خۆیەوە فەرمان ڕەشاد بەرٍێوەبەری پرۆژەی بەھێزکردنی لێپرسینەوە و رۆڵی یاسا ڕایگەیاند ئامانجی پرۆژەکە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان میدیا و دامودەزگاکانی چاودێریە، لە راپۆرتەکە جگە لەدیکۆمێنتکردنی زانیاریەکانی تایبەت بەگەندەڵی کە میدیاکان بڵاویان کردۆتەوە ھاوکات تیشکمان خستۆتە سەر پرۆژەکانی چاکسازی کە بەم دواییە بڵاوکراونەتەوە.

ھەروەھا د. رەعد رەفعە راوێژکاری پرۆژە رایگەیاند لە راپۆرتەکە چارەنوسی کوردستانمان خستۆتە ڕوو ئەگەر رێگا چارەی راستەقینە بۆ چاکسازی نەگیرێتە بەر، ئەویش بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی سیاسی دەستپێدەکات.

محەمەد رێکانی ئەندامی فەرمانگەی داواکاری گشتی ڕایگەیاند سەرجەم ئەو مەلەفانەی کە لە راپۆرتەکە بڵاوکراوەتەوە ئێمە پۆڵێنمان کردووە و، بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە. 

ھەروەھا دانا سەعید سۆفی ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی ستراتیژیەتی گەندەڵی لەھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لە کوردستان پێویستیمان بە ستراتیژیەتێکی خۆماڵی ھەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی. ھەوڵی رێکخراوی ستۆپیش مایەی دەستخۆشیە.

نوێنەری دەستەی دەسپاکیش رایگەیاند پشتگیری کارەکانی رێکخراوی ستۆپ دەکەین و، پشت بە راپۆرتەکانیان دەبەستین لە ھەنگاوەکانمان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.

جێ ی باسە دوابەدوای پێشکەشکردنی وتەکان بەشداربوان بەسەرنج و تێبینی و ڕەخنەکانیان بەشداریان کرد.

چەند دیمەنێکی پرێس کۆنفرانسەکە



No comments:

Post a Comment