Tuesday 6 September 2016

گرنگ نییە منداڵەكەت دەسوتێ‌، گرنگ ئەوەیە گەندەڵییەكان ئاشكرا نەبن

ستۆپ-نقاش

لەماوەی دوو هەفتەدا دوو ئاگر لەدوو نەخۆشخانەی منداڵبوون لەبەغدا كەوتەوە، هەرچەندە رووداوەكان زۆر لەیەك دەچن، بەڵام سەیر ئەوەیە ناتوانرێت هۆكاری راستەقینە بدۆزرێتەوە.

درەنگانێكی شەوی چوارشەممە رێكەوتی 10ی ئاب ئاگرێك لە هۆبەی منداڵانی تازە لەدایكبوو (خودەج) لەنەخۆشخانەی یەرموك لەبەغدا كەوتەوەو لەئەنجامدا 14 منداڵ بەسووتان گیانیان لەدەستدا.

 لە 25ی هەمان مانگیشدا دیمەنەكە لەنەخۆشخانەی عولویەی منداڵبوون دووبارە بووەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەژوورێكی ئەرشیف روویداو خەریك بوو ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك منداڵی دیكە، كاتێك ژوورێكی نزیك لەژووری خودەج ئاگری گرت‌و چەندین دۆكیۆمێنت‌و نووسراوی گرنگ سووتان.

 لێكچوونی دوو رووداوەكەو نزیكی ماوەی نێوانیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەك پێكیانەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتی كە هۆكارە راگەیەندراوەكانی پشت هەردوو رووداوەكە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە تائێستاش دژ بەیەكن، بەڵام چوونە نێو وردەكاری‌و بنجوبناوانی هەر رووداوێكیان، ئەو پاڵنەرە پێشبینی كراوانە ئاشكرا دەكات كە رووكاری هەر رووداوێكیان روون دەكەنەوە.

هۆكارەكانی ئاگرەكەی نەخۆشخانەی یەرموك تائێستاش بەدەوری چەندین ئەگەردا دەسووڕێنەوە كە بەدژبەیەكی لێدوانەكان لەبارەی هۆكارەكانی دەستی پێكرد، چونكە دوای یەك رۆژ لەروودانی وترا لەئەنجامی شۆرتێكی كارەباوە بووە، بەرلەوەی ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیەی لەهەردوو وەزارەتی تەندروستی‌و ناوخۆ پێكهێنرابوو دوای تەنیا دوو رۆژ رایبگەیەنێت كە رووداوەكە بە "دەستی بكەرێك" روویداوە نەك شۆرتی كارەبا لەوەشدا پشتی بەبوونی بەنزین لەنزیك هۆبەی خودەج بەستووە كە رووداوەكەی تێدا روویدا، بەڵام ئەم لیژنەیەش نەیتوانی ئەو بكەرە یاخود پاڵنەرەكانی دەستنیشان بكات.

 دیارترین ئەگەرەكان سەبارەت هۆكارەكانی ئەم ئاگرە ئەوەیە كە كەسوكاری هەندێك لەقوربانیەكان سەبارەت بەبوونی هەوڵێك بۆ رفاندنی منداڵان لەو هۆبەیە وروژاندیان، چونكە بەڕای ئەوان رووداوەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو هەوڵە بووە بێ ئەوەی ئەم دەنگۆیانە پشتڕاست بكرێنەوە، چونكە چەند سەعاتێكی كەم دوای رووداوەكە شاشەی كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی ناوخۆ پڕ بوون لەشایەتیدانی ئەو هاووڵاتیانەی دەیانوت هاتوون بۆ گەڕان بەدوای منداڵەكانیان لەنەخۆشخانەكەدا، بەڵام گەڕانیان بێ سوود بووە.

 هەروەك شایەتیدانەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد ئیدارەی نەخۆشخانەی یەرموك بەو هاوڵاتیانەی راگەیاندووە لەنەخۆشخانەی ئیسكانی فێركاری منداڵان بەدوای منداڵەكانیاندا بگەڕێن كە منداڵە رزگاربووەكانی رووداوەكەی بۆ گوازراوەتەوەو پاش ئەوەش شەپۆلی تۆمەتباركردن بەرفاندنی منداڵەكان ئارام بووەوە، هەرچەندە ئەگەری روودانی هەوڵێكی لەو جۆرە هەر ماوە، چونكە "نیقاش" نەیتوانی دەستی بگاتە كەسوكاری سەرجەم ئەو منداڵانە.

 ئەوانەی قسەیان بۆ "نیقاش" كرد، ئاماژەیان بەوە كرد كە منداڵەكانیان لە نەخۆشخانەی ئیسكان دیوەتەوە، بەڵام نازانن ئایا ئەوانی دیكەش منداڵەكانیان لەوێ دۆزیوەتەوە یان نا، ئەگەرەكەش هێشتا هەر ماوە بەتایبەتی كە زۆر رووداوی رفاندنی منداڵان لەساڵانی رابردوودا لەبەغدای پایتەخت تۆمار كراون‌و تائێستاش بەردەوامن.

هەرچی ئەگەری دووەمیشە ئەوەیە كە لیژنەی ئەمنی لەئەنجومەنی پارێزگای بەغدا ئاماژەی پێداوە لەمیانی لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی بوونی پاڵنەری دزینی بڕێكی زۆر پارەكە لەیەكێك لەژوورەكانی تەنیشت هۆبەی خودەجدا بووەو ئاگرەكەش بۆ پەردەپۆشكردنی دزیەكە بووە.

 لەرۆژی 20ی ئابدا لیژنەی ئەمنی لەئەنجومەنی پارێزگای بەغدا رایگەیاند گروپێكی دەستگیركردووە كە بەوتەی ئەوان بەرپرسیار بووە لەرووداوەكەو 100 ملیۆن دیناری عێراقیان دزیوە كە لەژووری گرێبەستەكاندا بووە لەتەنیشت هۆبەی خودەج.

بەڵام لیژنەی تەندروستی‌و ژینگە لەئەنجومەنی نوێنەران ئەو راگەیاندنەی رەتكردەوەو پێی وابوو رەنگە گریمانەی شۆرتی كارەبا هۆكاری سەرەكی رووداوەكە بێت وەك ئەوەی ساڵح حەسناوی ئەندامی لیژنەكە دووپاتی دەكاتەوە.

حەسناوی كە لە ساڵانی رابردوودا وەزیری تەندروستی بووە، بە"نیقاش"ی وت "بەپێی قسەی ئەو شایەتحاڵانەی لەنەخۆشخانەكەدا بوون، ئاگرەكە لەئەنجامی شۆرتێكی كارەبا كەوتۆتەوە كە بەهۆی كەمتەرخەمیەوە دروستبووە".

حەسناوی روونیكردەوە "ئاگرەكە لەیەكێك لەفێنككەرەوەكاندا روویداوەو هەرزوو بڵاوبۆتەوە وەك لەراگەیەندراوی لیژنەكەشدا هاتووەو روونیكردۆتەوە كە یەكێك لەئاگركوژێنەوەكان كاری نەكردووە ئەوەش بووەتە هۆی درەنگكەوتنی كوژاندنەوەی ئاگرەكە".

 حەسناوی، باسكردن لەدەستگیركردنی گروپێكی بەرپرس لەرووداوەكە وا وەسف دەكات كە "قسەیەكی نا لۆجیكیە‌و مەسەلەی بوونی دەستی بكەرێك واقیعی نیە" ئەوەیشی خستەڕوو كە باوەڕی باو لەلای ئەندامانی لیژنەكە ئەوەیە "روودانی شۆرتی كارەبا یارمەتیدەر بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئاگرەكە كە بەهۆی مادەی گونجاو بۆ گڕگرتن دروست بووە".

هەروەها بەدووریش نازانرێت هۆكاری پشت گەورەكردنی رووداوەكە سیاسی بێت‌و پەیوەندی بەناكۆكی لەسەر پۆستی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی كەرخەوە هەبێت كە سەرپەرشتی نەخۆشخانەكە دەكات، بەتایبەت كە بەهۆی رووداوەكەوە یەكترتۆمەتباركردن لەنێوان عەدیلە حەمود وەزیری تەندروستی نزیك لەحزبی دەعوەی ئیسلامی‌و جاسب حجامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەرخ نزیك لەرەوتی سەدر دروست بووە كە دواتر ئەمەی دواییان لەسەر كار لابرا بەهۆی ناكۆكی بەردەوامیان لەسەر كۆمەڵێك بابەتی وەك دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لەدامەزراوەكانی دەوڵەتدا.

ریاز عەزاز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا وای بۆ دەچێت رووداوەكە كارێكی "تێكدەرانەی تیرۆریستی" بێت‌و بۆ ئەوەش پشتی بەوە بەستووە چوار رووداوی هاوشێوە لەهەمان نەخۆشخانە لەسێ ساڵی رابردوودا روویان داوە كە بریتین لەداخستنی ئاوەڕۆكان بە "دەستی بكەرێك"و بڕینی ئاو لەنەخۆشخانەكە "بەدەستی بكەرێك" هەروەها كەوتنەوەی ئاگرێك بەبێ قوربانی‌و دواترینیشان لەكارخستنی موەلیدەی كارەبای نەخۆشخانەكە بوو بەبێ ئەوەی لێكۆڵینەوەكان بگەنە ئاشكراكردنی ناسنامەی بكەرەكەو پاڵنەرەكانی.

 رەنگە لێكۆڵینەوەكانیش كە ئێستا لە بارەی كێشەكەوە بەردەوامن هۆكاری دیكەی رووداوەكە ئاشكرابكەن جگە لەوانەی باسكران.

  ئەوەی ناڕوونی سەبارەت بەم رووداوەو هۆكارەكانی زیاتر دەكات ئەوەیە بكەرەكە بەنەناسراوی ماوەتەوەو لێدوانی لایەنە تایبەتمەندەكانیش سەبارەت بەوردەكارییەكانی دژ بەیەكن، چونكە لایەنە تایبەتمەندەكان تائێستا بەدوو ئاڕاستەدا دەڕۆن، یەكەمیان هەر باوەڕی وایە رووداوەكە بە شۆرتی كارەبا لەئەنجامی كەمتەرخەمی‌و گەندەڵی دروست بووە، لەكاتێكدا دووەمیان سوورە لەسەر ئەوەی رووداوەكە بەدەستی بكەرێك رووی داوەو دەبێت بدۆزرێتەوە.

هەرچی پەیوەندی بە ئاگری دووەمیشەوە هەیە كە لەنەخۆشخانەی عولویەی منداڵبوون روویدا ئەوا لەرووكاردا لەئاگرەكەی نەخۆشخانەی یەرموك دەچێت، بەڵام لەپاڵنەرەكانیدا جیاوازە، ئەگەر پشتڕاست بكرێتەوە كە ئەویش بە دەستی بكەرێك روویداوە نەك بەشۆرتی كارەبا وەك ئەوەی راگەیەندراوە.

 ئاگرەكەی نەخۆشخانەی عولویە قوربانی تێدا تۆمار نەكراوە، بەڵام روودانی لەژووری ئەرشیفدا گومانی گەندەڵی زیاتر دەكات كە لایەنێك ویستویەتی لەڕێی سووتاندنی ئەو ژوورەوە بیشارێتەوە كە لەهەموو بارێكدا نووسراوی پەیوەندیدار بەكاروباری كارگێڕی‌و دارایی نەخۆشخانەكە لەخۆدەگرێت.

 هاوڵاتیانی بەغدا دەمێكە شت لەبارەی رووداوی كەوتنەوەی ئاگر لەژووری تایبەت بەبەشی گرێبەست‌و كەمكردنەوەكان‌و ئەرشیف‌و بەشی دیكەی پەیوەندیدار بەكاروباری كارگێڕی‌و دارایی لە فەرمانگەكانی دەوڵەتی عیراقدا دەبیستن، بەتایبەتی كاتێك ئەو بەشانە دۆسێی گرنگین بۆ دەچێت كە پەیوەندی بەبابەتی گرێبەست‌و كەمكردنەوەكانەوە هەیە بەتایبەتی لە مانگەكانی كۆتایی ساڵدا كە وادەی رادەستكردنی ژمێرەی كۆتایی نزیك دەبێتەوە.

 پێناچێت بەغداییەكان گەشبین بن بە لێكۆڵینەوە بەردەوامەكان لەسەر هەردوو رووداوەكە، چونكە پێیانوایە ئەم جۆرە رووداوانە دووبارە دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر لیژنەكانی لێكۆڵینەوە رایشیبگەیەنن كە كەمتەرخەمی‌و گەندەڵی‌و كۆنی ژێرخان‌و شتی دیكە هۆكاری هەردوو رووداوەكەن یان بە دەستی بكەرێك روویانداوە كە بە نەناسراوی دەمێنێتەوە یاخود بكەرێكی دروستكراو بخەنە بەردەست بۆ كەمكردنەوەی توڕەیی جەماوەر.

وەزارەتی تەندروستیش پابەندی ئەو ئەنجامانە بووە كە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەهەردوو رووداوەكە رایانگەیاندووەو ئێستاش چاوەڕوانی ئەوەیە لایەنە ئەمنییەكان ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان رابگەیەنن وەك ئەوەی ئەحمەد ردێنی وتەبێژی وەزارەت بە "نیقاش"ی وت.

No comments:

Post a Comment